لەیادی 35 ساڵەی کارەساتەکەی ئەنفالدا
لەیادی 35 ساڵەی کارەساتەکەی ئەنفالدا
ئەنفال پڕۆسەیەكی بەدناوی بەعسیەكان بوو، ئامانجی قڕكردنی كورد و سوتانی خاكی كوردستان و هەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابووری و لاوازكردن و نەهێشتنی كەلتووری رەسەنی كوردی بوو، ئەنفال ئەو برینە قووڵەی جەستەی كوردە كە هەرگیز سارێژ نابێ ، نەوە لەدوای نەوە وەك یادەوەریەكی تاڵ لە مێژووی كوردا یادی دەكەنەوە .
ئەنفال سوورەتی هەشتەمی قورئانی پیرۆزە و لە دوای جەنگی بەدری گەورە هاتۆتە خوارەوە ، بۆ چۆنیەتی دابەشكردنی ئەو غەنیمە و دەسكەوتانەی کە لەو شەڕەدا كەوتبوونە دەست موسڵمانەكان ، هەر بەو پێیەش سەرو ماڵی کورد حەڵاڵ كراوە !!
ئەنفال لەلایەن ئەنجومەنی بەناو (سەركردایەتی شۆڕش) كە سەدام حوسێنی گۆڕبەگۆڕ سەرۆكایەتی دەکرد ، لە رێكەوتی 29 ی ئاداری 1987 دا و بە بریاری ژمارە 160 ئەنجامدرا . قۆناغەكانی پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال لە 23/2/1988 دەستی پێكرد هەتا 6/9/1988 وماوەی 198 رۆژی خایاند… لەم پڕۆسەیەدا 180 هەزار هاووڵاتی كوردی سڤیل بوونە قوربانی و بەرەو دۆزەخەكانی بەعس بران و لە ((تۆبزاوە و نوگرە سەلمان و دوبس و عەرعەر)) دا لەناوبران و بۆ هەتا هەتایە بێسەر و شوێن کران .
هەرلەم پڕۆسەیەدا چوار هەزار گوندی كوردستان لەگەڵ زەویدا تەخت كران و بەهەزاران لە رەز و باخ و كێڵگە سووتێنران و كارێز و كانیاوەکانیش و بە چیمەنتۆ پڕ کرانەوە .
قۆناغی سێیەمی ئەنفال بەربڵاوترین شاڵاوی ئەنفال بوو ئەم قۆناغە لە 7/4/1988 لە رۆژی دامەزراندنی بەعس دەستی پێكرد و تا 20/4/1988 خایاند ولەم قۆناغەدا 600 گوند تەخت كران.. لە رۆژی 14/4/1988 لە گوندی ملە سوورە و كوڵە جۆی حاجی حەمەجان زۆترین ژمارەی خەڵكی ئەو دەڤەرە ئەنفال كران ، بۆیە لەو رۆژە هەموو ساڵێك یادی ئەنفالی تێدا دەكرێتەوە.
دوای ئەم پڕۆسەیە دوو لە سەر سێی خاكی كوردستان بووە ناوچەی قەدەغەكراو ، ئیتر ئابووری و كشتوكاڵی كوردستان لە بنەوە هەڵتەكێنرا ، کورد لە دوای ڕاپەڕیندا هاتە سەر وڵاتێکی وێران و کاولکراو ، کە ئێستا لەسایەی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان ڕێژەیەکی زۆری لێ ئاوەدان کراوەتەوە و کوردستان هەنگاوی بەرەپێشەوەچوون دەنێ و لەهەموو بوارەکاندا بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە .
ئەگەرچی لە 14ی نیسانی 2008 پەرلەمانی عێراق تاوانی ئەنفالی بەجینۆساید ناساند.. بەڵام مخابن تاوەکو ئێستاش هەنگاوی پراکتیکی بۆ بەئەنجامدانی بڕگە و خاڵەکانی نەنراوە .
فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لەسوید