یادەوەریەکان

50 مین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی کچە تێكۆشه‌ری کورد و بووکی كوردستان ، له‌یـلا قاســم

50 مین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی
کچە تێكۆشه‌ری کورد و بووکی كوردستان ، له‌یـلا قاســم2024/5/12-1974/5/12

كچه‌ تێكۆشه‌ری كوردستان له‌یلا قاسم لە ساڵی 1952 له‌ گوندی بانمیلی سه‌ر به‌ شاری خانه‌قین له‌ خێزانێكی هه‌ژار و نیشتمانپه‌روه‌ر و كوردپەروەر له‌دایك بووه ‌، لە سەرەتای ساڵەكانی 1970 دا كە گەلی كورد لە باشووری كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبوو، لەیلا قاسم ‌و جەواد و هاوڕێكانیان سەرباری نكۆڵیكردنی ڕژێمی داگیركەری بەعس لە هەبوونی گەلی كورد، سوور بوون لە خەبات ‌و تێكۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلەكەیان ، لە ئاداری 1974 دا دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ و هێرشكردنەوەی ڕژێمی عێراق بۆ سەر ناوچەكانی كوردستان ، ڕژێمی داگیركەر دەستی كرد بە ڕاوەدوونان ‌و گرتنی ڕۆشنبیران‌ و قوتابیان‌ و ئازادیخوازانی گەلی‌ كورد لە باشوری‌ كوردستان ، هەر لەو كاتەدا هەزاران كەسیش لە تاكەكانی كۆمەڵ‌ بۆ بەرگریكردن لە مافی نەتەوەكەیان ڕوویان لە شاخەكان كرد و چەكی پێشمەرگەیاتیان هەڵگرت . لەو كاتەدا لەیلا قاسم ‌و جەواد هەمەوەندی ‌و نەریمان فوئاد ‌و هەندێك لە هاوڕێكانی تریان پێیان وابوو کە خەبات و تێکۆشان لە شارەكاندا و لەنێو جەرگەی دوژمندا ، پێویستییەكی زۆر گرنگی ئەو قۆناغەیە ؛ بۆیە ڕوویان نەكردە شاخەكان ‌و لە شاری‌ بەغدای پایتەختی عێراق بۆ درێژەدانی خەبات ‌و تێكۆشان مانەوە ، دەزگا هەواڵگریەكانی ڕژێمی بەعس بەردەوام ‌و زۆر بە توندی چاودێری یەكەبەیەكەی تاكەكانی كوردیان دەكرد. ئەوەندەی نەبرد تا لە ڕۆژی 28/4/1974دا لەیلا قاسم ‌و چوار لە هاوڕێكانی بەناوی‌ ( جەواد هەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران ) لە ئەنجامی هەڵمەتێكی بەرفراوانی هێزەكانی ئاسایش ‌و سەربازی ڕژێم لە بەغدا دەستگیر كران .
ڕژێمی بەعسی عێراق بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان‌ و قوتابیان ‌و توێژی‌ ڕۆشنبیری كورد، ڕاستەوخۆ دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادپەروەرانەی دژ بە لەیلا قاسم‌ و هاوڕێكانی بەڕێوە برد و بریاری لەسێدارەدانی بۆ دەركردن . ڕژێمی عێراق لە زیندووبوونی ئەو پێنج لاوە كوردە زۆر دەترسا، بۆیە هێشتا دوو هەفتە بەسەر دەستگیركردنیاندا تێنەپەڕیبوو كە سەعات 7 ی سەرلەبەیانی ڕۆژی 12/5/1974 لەیلا قاسم ‌و هەر چوار هاوڕێكەی لەسێدارە دران . 
هەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم لەسەرتاسەری كوردستاندا بڵاو بووەوە و هەندێك لە چاپەمەنیەكانی ئەو كاتەی جیهان هەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەك لەسێدارەدانی یەكەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاو كردەوە. بێگومان لەسێدارەدانی كچە كوردێك بە دەستی ڕژێمی داگیركەری عێراق كاریگەریەكی گەورەی لەسەر لاوانی ئەو سەردەمەی كورد هەبوو كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بە هەزاران لاوی كورد پەیوەست بن بە دۆزی ڕەوای گەلەكەیان‌ و ڕوو لە چیاكان بكەن و چەکی پێشمەرگایەتی بکەنە شانیان .له‌یلایه‌ك له‌ سێداره‌ درا به‌ڵام هه‌زاران له‌یلا له‌دایكبوون .
نەمری بۆ شەهید لەیلا قاسم و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید

لەوانەیە تۆش حەزت لێبێت

Comments are closed.