كۆمەڵكوژی دەرسیم لە یاد ناچێت 2024/5/4 – 1937/5/4
تورکیا لەپێناو گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان و بەتورک کردنی ناوچە کوردستانیەکان ، لە ساڵی 1934 دا لە توركیا یاسایەكی دەرکرد بە ناوی یاسای ( سەرلەنوێ نیشتەجێكردنەوە ) ، مەبەست لەو یاسایەش دابەشكردنی كەمینە نەتەوەكانی ناو توركیابووو لەناویشیاندا نەتەوەی کورد ، تا بە ئاسانی لە ناو بۆتەی توركدا بیان توێنێتەوە .
کۆمەڵکوژی دەرسیم لە 4/5/1937 دەستیپێکردوە و لە 2/8/1939 دا کۆتایی هاتوە لە هێرش و کۆمەڵکوژیەکاندا هەموو جۆرە چەکێک دژ بەخەڵکی دەرسیم بەکارهێنراوە و تەنانەت چەکی کیمیاییش کە لەئاکامادا و بەگوێرەی لێدوانی فەرمی زیاتر لە 16000 کەس کوژران ، بەڵام بەپێی لێدوانی خەڵکی دەرسیم نزیکەی 70000 کەس لەو کۆمەڵکوژیەدا کوژراون ، کۆمەڵکوژی دەرسیم زامێکی سەخت بوو لەجەستەی کوردا .
هەر ئەو کۆمەڵکوژیە بوو کە وای لە سەید ڕەزای دەرسیمی کرد کە لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی تری شۆڕش هەڵگیرسێنن ، لەئاکامدا تورک بەفێڵ داوای گفتوگۆی کرد و توانی سەید ڕەزا و هەڤاڵەکانی بگرێ و لە شاری ( ئەلعەزیز ) و لە دادگایەکی سەربازیدا دادگایی دەکرێن و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێ .
فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید بەتوندی ئەو تاوانە سەرکۆنە دەکات و سەری ڕێز و نەوازشیش بۆ شەهیدی نەمر سەید ڕەزا و سەرجەم شەهیدانی کۆمەڵکوژی دەرسیم دادەنەوێنێ .
فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستان کوردستانیەکان لە سوید