پەیامەکانیچالاکی

کۆچی بەزۆرەملێی فەیلیەکان

کۆچی بەزۆرەملێی فەیلیەکان

کوردانی فەیلی بەشێکی هەرەگرنگی نەتەوەی کوردن و هەمیشە بەدووهۆکار چەوسێنراونەتەوە ، یەکەمیان لەبەر ئەوەی کە کوردن و ڕۆڵی گرنگیان لەنێو بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا هەبوە ، دووەمیشیان لەبەر ئەوەی شیعە بوون و بە ئێرانی هەژمار کراون .

کۆچی بەزۆرەملێ ی کوردانی فەیلی لەسەردەمی ئەحمەد حەسەن بەکردا و لەساڵی 1970 دەستی پێکرد ، بەڵام دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن سەدام حوسێنی فاشی و دیکتاتۆرەوە پاکتاوی ڕەگەزی کوردە فەیلیەکان دەستی پێکرد ، لە ماوەی (  2 ی نیسان تا 10 ی نیسانی ساڵی 1980 ) دا بە بریاری ژمارە (666 ) وەزارەتی ناوخۆی عێراق  ، کۆچی زۆرە ملێی فەیلەکان بۆ ئێران و شاڵاوی گرتن و زیندانی کردن و بێسەروشوێن کردنی گەنجانی کوردی فەیلی پەرەی سەند ، هەر لەو ڕوانگەیەوە ڕۆژی 4/4/ ی هەرساڵێک بە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی دیاری کراوە .

لەم تاوانە دژە مرۆڤایەتیەدا زیاتر لە 600 هەزار کوردی فەیلی بەزۆر کۆچیان پێکرا بۆ ئێران  و هەرچی ماڵ و موڵكیان بوو لە لایەن پیاوانی دەسەڵاتداری ڕژێمی بەعسەوە دەستی بەسەردا دەگیرا ، هەروەها زیاتر لە 20000 بیست هەزار گەنجی فەیلی بێسەروشوێن کران و تائیستاش چارەنوسیان نادیارە ، ڕژێمی بەعس هەر بەوەوە نەوەستا بەڵکو ڕەگەز نامەو ناسنامەی عێراقیشی لە کوردانی فەیلی داماڵی .

کوردە فەیلیەکان لەژیانی ئاوارەیی و پەنا بەریدا توشی چەندین کارەساتی ژیان بونەتەوە ، ئێستاش دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و گەڕانەوەی زۆربەی کوردە فەیلیەکان بۆ زێدی خۆیان ، سەرەڕای ناساندن و دان پێدانانی تاوانی کوشتن و گرتن و کۆچی زۆرەملێی فەیلیەکان وەک تاوانی کۆمەڵکوژی کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانەوە لەڕۆژی 29/11/2010  بریاری لەسەردرا ، بەڵام مخابن هێشتا بەتەواوی مافەکانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە .

فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید

لەوانەیە تۆش حەزت لێبێت

Comments are closed.