بڵاوکردنەوەی چاپەمەنی

یادی86 ساڵەی لەسێدارەدانی ڕێبەری کورد سەید ڕەزا

یادی86  ساڵەی لەسێدارەدانی ڕێبەری کورد سەید ڕەزا

لە ساڵی 1934 دا لە توركیا  یاسایەك دەرچوو بە ناوی یاسای ( سەرلەنوێ نیشتەجێكردنەوە ) ئەویش بە مەبەستی سەرلەنوێ نیشتەجێكردن‌ و دابەشكردنی كەمینە نەتەوەكانی ناو توركیایە و لەناویشیاندا نەتەوەی کوردە و تا بە ئاسانی لە ناو بۆتەی توركدا بیان توێنێتەوە ، دواتر دەوڵەتی تورك لە ساڵی 1935دا دەستی كرد بە كۆچی زۆرەملێ دانیشتوان و ڕاگواستنیان ,  بەڵام كوردانی دەرسیم بەم ڕاگواستنە ڕازی نەبوون ، بۆیە ناڕەزایی نامەیەكیان لە كانوونی دووەمی ساڵی  1937  بۆ حاكمی ناوچەكە نارد ، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورک لەبری چارەسەرکردن و بەهەند وەرگرتنی ئەو نامەیە ، نامەبەرەكانیان گرت و كوشتیانن ، ئیتر ڕاپەڕینی خەڵك دژ بە كردەوەكانی دەوڵەتی تورك دەستی پێكرد و لە چەندین ناوچەشدا شەڕی چەكداری دژ بە هێزەكانی توركیا ڕوویدا ، لەبەرامبەریشدا توركیا بە مەبەستی سەركووتکردنی ڕاپەڕینەكە زیاتر لە 25 هەزار سەرباز و چەكداری كۆكردەوە و لە ناوچەی دەرسیم بڵاوی كردنەوە .

سەید ڕەزای دەرسیمی لەبەرامبەر جەور و ستەمەکانی تورک و لەپێناو ڕزگارکردنی کوردستان لەژێردەستی تورکەکان ، لەگەڵ چەندین شۆڕشگێری تر شۆڕشی دەرسیمیان هەڵگیرساند ، تاگەیشتە ئەو ڕادەیەی کە ڕژێمی تورکیا داوای دانوستاندن بکات و لە ڕۆژی 5/9/1937 بــۆ ئـــەو مەبەسـتە سـەید ڕەزا و ژمارەیــەک لـە هەڤـــاڵانی دەچێتـە ( ئەرزنجان ) و لەوێ حکومەتی تورکیا پەیمان دەشکێنێت و سەید ڕەزا و سەرجەم ھەڤاڵەکانی دەخەنە زیندانەوە کە ژمارەیان 72 کەس دەبێت ، کە یەکێکیان کوڕەکەی سەید ڕەزایە ، لە شاری( ئەلعەزیز ) لە دادگایەکی سەربازی دادگایی دەکرێن و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێ .

ھەر لەو شارەدا و لە ( مەیدانی گەنم ) و لە کەش و هەوایەکی ساردا و لە بەرەبەیانی ڕۆژی 15/11/1937 لە سێدارە دەدرێن ، سەید ڕەزا لە کاتی لە سێدارەدانیدا ناھێڵێت سەربازانی تورک قۆڵی بگرن و بیبەن ، بەڵکو بۆخۆی دەچێتە بەر پەتی سێدارە و ڕوو لە کوڕەکەی دەکات و پێی دەڵێت : کوڕی خۆم … ڕوو لە ئاسمان بکە و سەرت مەچەمێنە با دوژمن دڵی خۆش نەبێت  !

سڵاو لەگیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی دەرسیم و سەرجەم شەهیدانی کوردستان

فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید

Du kanske också gillar

Kommentarerna är stängda.