Genelگشتی

ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ سەعید  و هەڤاڵانی

ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ سەعید  و هەڤاڵانی

(2023/6/29 – 1925/6/29

لە کۆتایی ھاوینی 1923 دا یوسف زیبا کە سەرۆکێکی بزووتنەوەی کورد و نائیبی کۆنی شاری بەتلیس بووە لە پەرلەمانی تورکیادا ، دەچێتە خنیس بۆ خزمەتی شێخ سەعید و لەسەر ئەوە ڕێکدەکەون کە شۆڕشێکی نوێ هەڵگیرسێنن . لە زستانی 1923 تا 1924 سەرۆک ھۆزەکان و ئەندامە چالاکەکانی حیزبی تەعالی کوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لە نـاوچەی ( پاڵوو ) ڕێکخست کە تێیدا باس لە فراوانکردن و خۆسازدان بوو بۆ چالاکی کردن لە پێناو بزووتنەوەیەکی نهێنی و خۆئامادەکردن بۆ سەربەخۆیی کوردستان .

لە نیوەی دووەمی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1925 دا شێخ سەعید گەشتێکی بەزۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا کرد و لەلایەن ئەو ناوچانەوە پێشوازیەکی زۆر گەرمی لێکرا  . لە 5 ی شوباتی 1925 شێخ سەعید لەگەڵ (100) سوارە بەرەو گوندی پیران بەڕێکەوتن و سەردانی ماڵی عەبدولڕەحیمی برای کرد . لە هەمان شەودا مەفرەزەیەکی سوپای تورک بەسەرۆکایەتی حوسنی ئەفەندی و موستەفا عالیم ھاتبوون بۆ گرتنی چەند کەسێک لە گوندنشینەکان ، بەڵام شێخ سەعید ڕێگری لێکردن و نەیهێشت کەس بگیردرێت . ئەم هەڵوێستەی شێخ سەعید بوو بەھۆی ئەوەی کە ھەردوولا سەنگەر لەیەکتر بگرن . لەپاش شەڕ و پێکدانانێک  چەندەھا کەس لە مەفرەزەکەی دوژمن کوژران و ئەوانی تریش بە دیل گیران .
شێخ سەعیدی پیران بەناچاری بریاری پێشخستنی ڕاپەڕینەکەی دا ، شۆڕشگێرانەکانی شێخ سەعیدی پیران لە 13 شوباتی 1925 لەگەڵ سەربازانی تورکیا لە گوندی دیکلی نزیک بە ئامەد ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە و شەڕ دەستی پێکرد . هەر ئەو پێکدادانە بووە هۆی بڵێسەی ھەڵگیرساندنی ڕاپەرینی جەماوەریەکەی سەرجەم کوردانی باکور ، لە کۆتایی مانگی نیساندا بە ھۆی خیانەتی سەرۆکی ھۆزی جبران و قاسم بەگی جبرانەوە ، شێخ سەعید ، شێخ عەبدوڵڵا ، عەلی غالب ، ڕەشید ئاغا و 26 شۆڕشگێڕی تر لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بەدیل گیران .

پاشان شێخ سەعید و47 تێکۆشەری کورد بریاری لەسێدارەدانیان بۆ درا و ڕۆژی (29 ی حوزەیرانی 1925) لە ئامەد لە سێدارە دران  .

هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی شێخ سەعیدی پیران و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری

کوردستان .

فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان /  سوید

لەوانەیە تۆش حەزت لێبێت

Comments are closed.